شاعیر: خۆشناو کتێب: شیعرەکانی خۆشناو سەرناو: لە نێو شێعری پڕ دەردی من لە نێو شێعری پڕ دەردی من ئەگەر ئۆقرەی گرت حاڵی تۆ بزانە لە سەرواکانم [١] باشتر بووە ئەحواڵی تۆ بڕوانە لە ڕستەکانم! دەستنوێژ بە خوێنی دڵ دەگرم لە میحڕابـی دڵی خۆم دا هەزار جار لە بەر تۆ دەمرم جاری وایە بە خۆم دەڵێم: بۆ چی هێندە خۆشەویستی؟ نەم دەزانی بۆ دڵی من تەنیا ئەتۆ حەز و ویستی وەرە خاتوونی خەیاڵم بۆ نێو پەیڤی شاعیرانەم با سەمای پێنووس ببینم لە نێو پەنجەی ماهیرانەم ١. سەروا: قافیەی شێعر